2024-08-25
Principles of Professional Ethics and Student Integrity
بنەماکانی ئەخلاقی پیشەیی و رەفتاری قوتابیانی زانکۆ- زانکۆی سۆران
بنەماکانی ئەخلاقی پیشەیی قوتابیی زانکۆ لە زانکۆی سۆران بریتییە لە کۆمەڵێک ڕێسا و بەها و بەرپرسیاریەتیی دیاریکراو بۆ دەستنیشانکردنی هەڵسوکەوتی قوتابی لە ناو زانکۆ. ئەم ڕێسا و بنەمایانە دەبنە هێڵی جیاکەرەوەی کرداری دروست و کرداری نادروست لە کاتی کارکردن و بڕیاردان و جێبەجێکردنی ئەرکەکان و ژیانکردن لە ناو زانکۆ.
بۆچی دەبێت قوتابیانی زانکۆی سۆران پابەندبن بە پەیڕەوکردنی بنەما ئەخلاقییەکان؟
زانکۆی سۆران نایەوێت قوتابییەکانی تەنیا بەرانبەر خودی خۆیان هەست بە بەرپرسیاریەتی بکەن، بەڵکو کار بۆ ئەوە دەکات پابەندبوون بە بنەماکانی ئەخلاقی پیشەیی و رەفتاری قوتابی ببێتە فەرهەنگ لەناو زانکۆ و دواتر بگوازرێتەوە ناو کۆمەڵگە. بە جێبەجێکردنی ئەم بنەمایانە قوتابی دەبێتە هاوڵاتییەکی بەرپرسیار بەرانبەر خۆی و دەوروبەرەکەی، کاردەکات بۆ بەرزکردنەوەی بەها بەرزەکان و دروستبوونی کەشێک کە تیایدا راستگۆیی،دادپەروەریی، بابەتیبوون لە هەموو ئەو کارانەدا رەنگبداتەوە کە ئەنجامی دەدەن.
بنەمای یەکەم: بەرپرسیاریەتی
چوارچێوە: پێویستە قوتابی بەرپرسیاریەتی ئەنجامی کارەکانی خۆی لە ئەستۆبگرێت و خۆی بە بەرپرسیار بزانێت بەرانبەر بە پاراستنی ڕەهەندی ماددی و مەعنەویی زانکۆ.
پێشێلکاریەکان:
- تاوانبارکردنی کەسانیتر لە کاتی بە دەستهێنانی ئەنجامی نەخوازراو لە لایەن قوتابی
- کەمتەرخەمبوون بەرانبەر بە کەلوپەل و شوناس و ناوبانگی زانکۆ و بێ هەڵوێستبوون لە کاتی زیان گەیاندن بە ڕەهەندی ماددی و مەعنەویی زانکۆ لە لایەن کەسانیترەوە
- خۆ بەخاوەنی زانکۆ نەزانین.
بنەمای دووەم: ڕاستگۆیی و رووراستی
چوارچێوە: پێویستە قوتابی هەمیشە ڕاستگۆ و ڕووڕاست بێت لە ئەنجامدانی ئەرک و کارە زانستییەکانی خۆی و خۆی بە دووربگرێت لە فێڵکردن.
پێشێلکارییەکان:
- نابێت قوتابی ناڕاستگۆیی لەگەڵ مامۆستایان و فەرمانەبەران و هاوپیشەکانیدا بکات تەنانەت ئەگەر بە قازانجیشی تەواو ببێ.
- نابێت قوتابی لە کردار و گوفتار و ئەرک و تاقیکردنەوەکانیدا فێڵ بکات.
- نابێت قوتابیان هاریکاری نادروستی یەکتری بکەن، یان هاوکاری نابەجێ لەدەوروبەر وەربگرێت بۆ راپەراندنی کاروباری ئەکادیمی.
- پێدانی زانیاری و هاوکاری، یان وەرگرتنی زانیاری و هاوکاری بەبێ ئاماژەدان بە سەرچاوەکەی دەچیتە قاڵبی ناراستی و فێلکردنەوە.(ئەمە ڕاپەراندنی ئەرک لەبری یەکتریش دەگرێتەوە).
- لە کاتی تاقیکردنەوە یان جێبەجێ کردنی ئەرک و چالاکیەکان،سودوەرگرتن لەهەر سەرچاوەیەک کە رێگە پێنەدراوبێت(پێشتر دیاریبکرێت و رێککەوتنی لەسەر بکرێت) بە پێشێلکاری یان فێڵکردن و گزی هەژماردەکرێت.
بنەمای سێیەم: متمانەپارێزی
چوارچێوە: پێویستە قوتابی جێگای متمانەی زانکۆو مامۆستایەکانی و هاوپۆلەکانی بێت و نابێت رەفتارێک بنوێنێت کە متمانەی زانستی و کۆمەڵایەتی لەکەداربکات.
پێشێلکاریەکان:
- خۆناساندن لەبری کەسێکی دیکە یان داواکردن لە کەسێکیدی کە خۆی بە ناوی تۆ بناسێنێت (ئیمزاکردن، چونە تاقیکردنەوە، وەڵامدانەوە لەبری کەسێکی دیکە) کردارێکی متمانە لەکەدارکردنە و بە فێڵکردن هەژماردەکرێت.
- ئاماژەنەکردن بە سەرچاوە یان بزرکردنی بەشێک لە زانیاریەکانی سەرچاوەیەک فێلە و هۆکاری لەدەستدانی متمانەیە.
- دووبارە دارشتنەوەی زانیاری و بیرۆکەی سەرچاوەیەک و ناساندنی وەکو بیرۆکەی خۆت فێلە و متمانە دۆراندنە.
- پێدانی یان وەرگرتنی ئەرکی پارساڵ بە/لە قوتابیانی قۆناغەکانی دی گزیە و سەرپێچی متمانەی ئەکادییە.
پێشکەشکردن و ناردنی ئەرکێک یان دۆکیۆمێنتێک لە دوو وانەی جیاواز سەرپێچیە و دۆراندنی متمانەی ئەکادیمییە.
بنەمای چوارەم: ئەنجامدانی توێژینەوەو مامەڵەکردن لەگەڵ سەرچاوەکان
چوارچێوە: پێویستە قوتابی بە شێوەیەکی دروست و ئەخلاقی سود لە سەرچاوە زانستی و تاقیگەیی و ژینگەییەکانی فێربوون وەربگرێت و بەرپرسیارانە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکات. پێویستە قوتابی لەکاتی ئەنجامدانی توێژینەوە و بەکارهێنانی توێژینەوەی ئەوانیدی پابەندبێت بە ئەخلاقی ئەکادیمی و پیشەیی.
پێشێلکردنەکان:
- ئەنجامدانی دزی ئەدەبیی(پلایجەریزم)
- شێواندن و یاریکردن بە ئەنجامی توێژینەوە و کارە تاقیگەییەکان
- هاوبەشی پێکردنی کەسانیتر لە توێژینەوە کارە زانستییەکان کە لە ڕاستیدا بەشدار نین لە کارەکەدا و بە پێچەوانەوە
- ئەنجامدانی توێژینەوە و کاری زانستی لە بری کەسانیتر چ وەکو هاوکاری یان لە بەرانبەر پارە.
بنەمای پێنجەم: رێزگرتن و دادپەروەری لە مامەڵەکردندا
چوارچێوە: پێویستە قوتابی لەسەر بنەمای دادپەروەری هەڵسوکەوت لەگەڵ دەوروبەریدا بکات و لەسەر بنەمای ڕێز و بە یەکسانی مامەڵە لەگەڵ مامۆستایان و هاوپۆلەکانی و فەرمانبەران و ستافی ئەکادیمی و کارگوزاریی بکات.
پێشێلکردنەکان:
- هەبوونی بیرکردنەوە و گوفتار و کرداری نادادپەروەرانە لەگەڵ دەروربەردا، یان جیاکاری لە نێوان هاوپۆل و مامۆستاکاندا دەچێتە قالبی نادادپەروەریەوە.
- لەهەر بارودۆخێکدا، بڕیاردان و لایەنگری کردن لەسەر بنەمای خزمایەتی، هاورێیەتی و ناسیاوی نادادپەروەریە و لادانە لە بنەماکانی ئەخلاقی پیشەیی و ئەکادیمی.
- ئەنجامدانی بێ ڕێزیی بە شێوەی گوفتار، کردار یان ئاماژەیی بەرانبەر دەوروبەر
- بە سوکایەتییەوە قسەکردن لە بارەی زانکۆ و بەش و دامەزراوەکانی سەربە زانکۆ
- بەزاندنی سنوورە فەرهەنگی و ئاینی و نەتەوەیی و ڕەگەزی و هەموو گروپبەندییەکانیتر بە گوفتار و بە کردار
- ڕەچاونەکردنی بابەتە هەستیارەکان لە هەڵسوکەوت لە کاتی ئاخاوتندا.
بنەمای شەشەم: پابەندی
چوارچێوە: پێویستە قوتابی پابەندی هەموو بنەمایانە بێت کە لە زانکۆدا بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ئەرک و کارەکان دیاری کراون و هەروەها پابەندی هەوڵدان بۆ فێربوونی بەردەوام و پەرەپێدانی تواناکانی خۆی بێت.
پێشێلکردنەکان:
- پابەند نەبوون بە کاتە دیاریکراوەکان و خشتە کاتییەکان.
- پابەندنەبوون بەو بەڵێن و بەڵێننامە فەرمی و نەنووسراوانەی کە لە قوتابی وەردەگیرێت.
- پابەندنەبوون بە یاسا و ڕێسا و ڕێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆ و بڕیارەکانی بەش.
- هەوڵنەدان و خۆدزینەوە لە فێربوون.
- کارنەکردن بۆ پەرەپێدانی توانا زانستی و پەروەردەییەکانی خۆی.
بنەمای حەوتەم: پاراستنی ژینگە و ناوەندی خوێندن
چوارچێوە: پێویستە قوتابی پارێزگاری لە سروشت و ژینگە بە گشتی و ژینگەی کەمپی زانکۆ بە تایبەتی بکات. پێویستە مافی رووەک و ئاژەڵ و هەموو زیندەوەرانی دەوروبەر پارێزراوبێت. دەبێت قوتابی پابەندبێت بە پاک و خاوێن راگرتن و پاراستنی کەل و پەلەکانی زانکۆ.
پێشێلکاریەکان:
- لێکردنەوەی گوڵ و ئازاردانی دار و رووەک و زیندەوەرانی ژینگەی زانکۆ توند و تیژین بەرامبەر زەوی و حەرەمی زانکۆ.
- شێواندن پیسکردن و شکاندن و تێکدانی هۆڵەکانی خوێندن و کەلوپەلەکانی و کەرەستە و ئامێرەکانی فێربوون لە زانکۆدا.
- زێدە ڕەوی یان خراپ بەکارهێنانی سەرچاوەی زانستی و ئامێر و تاقیگەکان.
بنەمای هەشتەم: نهێنی پارێزی
چوارچێوە: پێویستە قوتابی زانکۆ بە ماڵی خۆی بزانێت و هەموو ئەندامانی ماڵە گەورەکەی زانکۆ بە ئەندامی خێزانی خۆی بزانێت و نهێنییەکانیان بپارێزێت و لە هیچ بارودۆخێکدا بە بێ ڕەزامەندیی خۆیان ئاشکرای نەکات.
پێشێلکردنەکان:
- ئاشکراکردنی ئەو بابەتانەی کە دەچنە خانەی زانیاریی کەسییەوە وەکو نمرە و ئەنجامی هاوپۆلەکانی بەبێ ڕەزامەندیی خۆیان.
- ئاشکراکردن و بڵاوکردنەوەی ئەو نووسراو و بەڵگەنامانەی زانکۆ و فاکەڵتی و بەش کە نهێنین.
بنەمای نۆییەم: هەڵسوکەوتی پیشەیی
چوارچێوە: پێویستە قوتابی ئاگاداری بنەماکانی کاری پیشەیی بێت و لە ناو زانکۆدا بە شێوەیەکی پیشەییانە هەڵسوکەوت بکات و پابەندبێت بە هەموو پێوەر و بنەماکانی پیشەی قوتابی بوون.
پێشێلکردنەکان:
- ڕەچاونەکردنی هەڵسوکەوتی دروستی ناو پۆل
- ئەنجامنەدانی ئەرک و داواکاری و تاقیکردنەوە پێویستەکان
- پابەندنەبوون بە کاتە دیاریکراوەکان وەکو کاتی وانەکان و ئەرکەکان و تاقیکردنەوەکان
- بەکارهێنانی مۆبایل و ئامێری تەکنۆلژیای ناپێویستی وانەکان لە ناو پۆلدا
- خۆتەرخان نەکردن بۆ ئەرکەکان، خۆدزینەوە و فێڵکردن و کەمتەرخەمی نواندن.
- پێنەبوونی پێنووس و تیانووس لە ناو پۆل، وەرنەگرتنی تێبینی و سەرنج و خاڵە گرنگەکانی وانەکانی لە کاتی وانە وتنەوەدا
- لەبەرکردنی جلوبەرگی نەشیاو لەگەڵ فەرهەنگ و دامەزراوەی فەرمی
- ئەنجامدانی کردار و گوفتاری نازانستی و بێ سەرچاوە و بەڵگە و نابەرپرسانە.
- شاردنەوە و قۆرغکردنی سەرچاوە گشتییەکان و زانست و زانیارییەکان.
بنەمای دەیەم: هاوکاری و کاری پێکەوەیی
چوارچێوە: پێویستە قوتابی بتوانێت تەبا و هماهەنگ لەگەڵ هاوپۆل و کەسانیتری ناوزانکۆدا کاربکات و پرۆژی هاوبەش و کاری پێکەوەییان لەگەڵدا ئەنجام بدات بە لەبەرچاوگرتنی هاوسەنگی ئەرک و ماف و پاراستنی سنوری کەسی ئەوانیدی .
پێشێلکردنەکان:
- خۆبەدوورگرتن لە کارکردن لەگەڵ ئەوانیتر.
- ئامادەنەبوون بۆ بونە ئەندام یان قوبولکردنی ئەندام لە گروپێک بە بیانوی جیاوازی رەگەز و ئاین و فەرهەنگ و ئایدیۆلۆژیا و زمان، یان هەر جیاوازیەکیدی
- بەشدارینەکردن لە گفتوگۆ هاوبەشەکان لەگەڵ هاوپۆلەکان
- رێزبەگرتن لەبڕیار و بۆچوون و ئایدیۆلۆژیای جیاواز لە کاری پێکەوەیی و سەپاندنی بڕیار و بۆچونی خودی.
- خۆڕانەهێنان لەگەڵ کاری تیمی و پێکەوەیی و شان نەدەدانەبەر بەرپرسیاریەتیەک کە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی دابێت.
بنەمای یانزەهەم: هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ زیرەکی دەستکرد (AI)
چوارچێوە: پێویستە قوتابی بە وشیاریەوە مامەڵە لەگەل زیرەکی دەستکرد بکات و لەکاتی بەکارهێنان و سود لێوەرگرتنی ئاگاداری بنەما ئەخلاقی و پیشەییەکان بێت و بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد نابێت ببێتە جێگرەوەی بیرکردنەوەی قوتابی و لەبری قوتابی ئەرکەکان جێ بەجێ بکات.
پێشێلکاریەکان:
- پێویستە قوتابی ئاماژە بە ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد بکات کە بەکاری هێناون یان سودی لێوەرگرتوون لە کاتی راپەراندنی ئەرکەکانی. ئەگەر لەکاتی هەڵسەنگاندن، بەرنامەی پشکنینی رێژەی زیرەکی دەستکرد، AIی دەستنیشان کرد و قوتابی ئاماژەی پێنەدابوو راستەوخۆ بە گزی هەژماردەکرێت.
- پێویستە قوتابی بە روونی ئاماژە بە رۆلی زیرەکی دەستکرد بکات لەناو ئەرکەکەیدا و بە وردی دەستنیشانی بکات کە چۆن زیرەکی دەستکردی بەکارهێناوە و چ کارێکی ناو ئەرکەکەی پێ ئەنجامداوە. لەئەگەری ناڕوونی و دەستنیشان نەکردندا، ئەرکەکەی بە گزی بۆ هەژماردەکرێت.
- نابێت قوتابی پشت بە زیرەکی دەستکرد ببەستێت بۆ شیکردنەوە و دەبێت قوتابی عەقل و هزری خۆی بەکاربێنێت بۆ شیکاری؛ دەبێت ئەنجامەکان دەرخەری بیر و ئاستی زیرەکی قوتابی بن. هەر ئەنجامێک یان پۆختەیەک بە زیرەکی دەستکرد ئەنجامدرابێت بە کاری نارەسەن هەژماردەکرێت و سزاکەی هەمان سزای گزیکردنە.
- نابێت زیرەکی دەستکرد ببێتە جێگرەوەی قوتابی و لەبری قوتابی ئەرکەکە ئەنجام بدات.
- زیرەکی دەستکرد ناتوانێت کارامەیەکانی مرۆڤی هەبێت وەکو بیرکردنەوەی رەخنەیی، بیرکردنەوەی داهێنەرانە، بەستنەوەی رووداو و ئەنجامەکان بە بارودۆخ و رەهەندی دیاریکراو و سنوردار، تێکهەڵکێشانی رەهەندە فەرهەنگیەکان بە دەرەنجامی رووداوەکان؛ بۆیە پێویستە قوتابی رەچاوی ئەو کەمهێنانانەی زیرەکی دەستکرد بکات و نابێت پشتی پێببەستێت لەبری ئەو بیربکاتەوە. لە هەر بارودۆخێک مامۆستا هەستیکرد زیرەکی دەستکرد (جا ئاماژەی پێکرابێت یان نا) بۆتە جێگرەوەی قوتابی و لەبری قوتابیەکە بیری کردۆتەوە، مافی خۆیەتی ئەنجامی ئەرکەکە بە گزیکردن یان نارەسەن دەستنیشان بکات.