2024-08-25

Code of Conduct in the Institutions of the MHESR


رێنمایی رێکاری قوتابی لە دامودەزگاکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى

بە گوێرەی حوکمى برگەى (1) لە ماددەى چل و پێنج لە یاساى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان- عیراق ژمارە (10) لە ساڵى 2008. بڕیارى ژمارە (2) ساڵى 2009 لە رێنماییەکانى رێکارى قوتابیانى/خوێندکارانى خوێندنى باڵا.

 

بەندی یەکەم: پێویستە لەسەر قوتابیەک/خوێندکاریک ئەم ئەرکانە جێ بەجێ بکات:

         پابەندبوون بە یاسا و ڕێنماییەکان وهەموو ئەو بڕیارانەى کە زانکۆ یان کۆلێژ دەریان دەکات.

         سوکایەتی نەکردن بە ڕێزی زانکۆ و کۆلێژ، نە بە کردار و نە بەگوفتار، نە لە ناوەوە و نە لە دەرەوەى زانکۆ.

         دوورکەوتنەوە لە هەموو هەڵسوکەوتێک کە دوور بێت لە ڕەوشتی زانکۆیى و ڕێزگرتنی تەواو لە بەڕێوەبەرایەتی و دەستەى وانەووتنەوە و فەرمانبەران، وە پەیوەندى دۆستانە وبوونی هاوکارى کردنى تەواو لەنێوان قوتابیان/خوێندکاراندا پاراستنی هێمنی و ئارامى لەناو کۆلێژ و زانکۆدا.

         پارێزگارى کردن لە پێداویستیەکانی خوێندن وهەموو کەل و پەلەکانى ناو زانکۆ و کۆلێژ.

         نەشێواندنى ڕەوتى خوێندن دوورکەوتنەوە لە هەر بێ ڕێزیەک  بەرامبەر بیروباوەڕە ئاینیەکان و هەستى نەتەوایەتى.

 

بەندی دووەم: قوتابى/خوێندکار سزاى وریاکردنەوە (تنبیە) دەدرێت ئەگەر هەر سەرپێچیەکى لەمانەی لای خوارەوەی ئەنجامدا:

         پابەند نەبوون بەو یاسا و ڕێنمایی و بڕیارانەى کەلەلایەن زانکۆ و کۆلێژەوە دەردەچێت.

         بێ ڕێزی کردن بەرامبەر پەیوەندى دۆستانەى نێوان قوتابیان/خوێندکاران.

 

بەندی سێیەم: قوتابى/خوێندکار سزای ئاگادار کردنەوەی بۆ دەردەچێت، ئەگەر هەر سەرپێچیەکى لەمانەی لای خوارەوەی ئەنجامدا:

         ئەگەر سزاى وریا کردنەوە (تنبیە) کرابوو وەئەم سزایە نەکێشرایەوە و هەڵنەوەشایەوەوبۆ جارى دووەم کارێکی شایان بە وریا کردنەوەی دووبارەکردەوە.

         ئەگەر ئارامى و ئاسایشی ناو کۆلێژ یان زانکۆى شێواند.

         ئەگەر بەگوفتار بەرامبەر بەیەکێک لە قوتابیان/ خوێندکاران زیادە ڕەوی کرد

 

بەندی چوارەم: قوتابى/خوێندکار سزاى سەرزەنشتکردن (توبیخ) دەکرێت، ئەگەر هەر سەرپێچیەکى لەمانەی لای خوارەوەی ئەنجامدا:

         ئەگەر پێشتر سزای ئاگادار کردنەوە درابوو وەئەم سزایە نەکێشرایەوە  و هەڵنەوەشایەوەو بۆ جارى دووەم کارێکی  شایان بە ئاگادار کردنەوە ی دووبارەکردەوە.

         ئەگەر بەگوفتار بەرامبەر بەیەکێک لەکارمەندانى زانکۆ یان کۆلێژ جگە لە دەستەى وانەبێژان و قوتابیان/خوێندکاران زیادە ڕەوی کرد.

 

بەندی پێنجەم: قوتابى/خوێندکار سزاى دوورخستنەوەی کاتی لە زانکۆ یان کۆلێژ دەدرێت، بۆ ماوەیەک کە زیاتر نەبێت لەیەک ساڵى خوێندن، ئەگەر هەر سەرپێچیەکى لەمانەی لای خوارەوەی ئەنجامدا:

         قوتابى/خوێندکار دوو سزاى سەرزەنشتکردنی هەبوو هیچیان نەکێشرابونەوەو هەڵنەوەشابونەوە، و کارێکی تری کرد شایان بە سەرزەنشتکردن بوو.

         بەکردار هێرشی کردە سەر یەکێک لە کارمەندانی زانکۆ جگە لە مامۆستایان و ئەندامانى دەستەى وانەبێژان.

         کردەوەی توندوتیژى بەرامبەر بە یەکێک لە قوتابیان/خوێندکاران کرد.

         هەر جۆرە چەکێکی بە مۆڵەت یان بێ مۆڵەت لەناو سنوورى زانکۆ یان کۆلێژدا هەڵگرت.

         زیانی بە کەل وپەلەکانى ناو زانکۆ یان کۆلێژ گەیاند بە مەبەست یان لەئەنجامی پشت گوێ خستن بێت.

         بێ ڕێزی بەرامبەر بە بیروڕا ئایینیەکان یان هەستە نەتەوایەتیەکان نواند.

         زیادەڕەوى کرد بەگوفتار بەرامبەر بە یەکێک لە مامۆستایان یان دەستەى وانە ووتنەوە لە زانکۆدا.

         مادەی سڕکەرو بێهۆشکەری بەکارهێنا لەناوسنووری زانکۆدا، یان بەسەرخۆشی بینرا لەناو سنوورى زانکۆ یان کۆلێژدا.

         سوکایەتی بەگوفتار یان بەکردار بەرامبەر بە زانکۆ کرد، لە ناوەوە یان لە دەرەوەى زانکۆدا.

         ڕەوتى ئارامی خوێندنی تێکدا وشێواندی.

 

بەندى شەشەم: قوتابى/خوێندکار سزاى دوورخستنەوەی کۆتایى لەزانکۆ دەدرێت، ئەگەر هەر سەرپێچیەکى لەمانەی لای خوارەوەی ئەنجامدا:

         دووبارەکردنەوەى یەکێک لەو کردەوانەی لە بەندى (5) دا ئاماژەى پێکراوە.

         بەکردەوە زیادەڕەوی کرد بەرامبەر بە یەکێک لە مامۆستایان، یان دەستەى وانەووتنەوە لە زانکۆدا.

         هەر کردەوەیەکی ناشرینی کرد کە پێچەوانەی بنەما ڕەوشتیەکان بێت.

         دادگا بڕیاری تاوانباریی بەسەردا دا بەتاوانێک کەشەرەفی لەکەدار بکات.

         ماددەى سڕکەرو بێهۆشکەری بەکار هێنا لەناو زانکۆدا.

 

بەندى حەوتەم:

         سزادانی قوتابى/خوێندکاری سەرپێچیکەر بەپێی بەندەکانی (6،5،4،3،2) ى ئەم ڕێنماییانە، ڕێگە ناگرێت لەسەپاندنى هەر سزایەکی تر بەپێی (یاسای سزادان) ئەگەر ئەو کردارەی سزاى خۆى هەبوو لەیاسا سزاییەکاندا.

         ئەگەر داواى سزادان (الدعوى الجزائیە) لە دژى قوتابى/خوێندکار بەرزکرایەوە لەسەر کارێک کە لە دەرەوەى زانکۆ ئەنجامى دابوو، ئەوا بڕیاری سزای زانکۆیی دوا دەخرێت تا تەواو بوونی لێکۆڵینەوەو بڕیاری داوا سزاییەکەی.

 

بەندى هەشتەم:

ڕاگرى کۆلێژ یان پەیمانگا لیژنەیەکى رێکارى قوتابیان/خوێندکاران پێک دەهێنێت بە سەرۆکایەتى یاریدەدەرى ڕاگر یان یەکێک لە مامۆستایان وئەندامێتی سێ مامۆستای ترو وە نوێنەرێک لە قوتابیان/خوێندکاران کەلەلایەن پۆلى یەکەمەوە بۆماوەى یەک ساڵ بۆ ئەو پۆستە کاندید دەکرێت.

 

بەندى نۆیەم:

 لەکاتى ڕوودانى هەرکارێک کە لەبەندی (6،5) دا هاتبێت، لیژنەى رێکارى قوتابیان/خوێندکاران لێکۆڵینەوەی تەواو لەڕوداوەکە دەکات و ڕاسپاردەى خۆی لەمەڕ سزاى گونجاو بەرزدەکاتەوە بۆ ڕاگر.

 

بەندى دەیەم:

هەر قوتابیەک/خوێندکارێک بڕیاری دوورخستنەوەی درا لە خوێندن لە ماوەی مانگێکەوە تا ساڵێک بۆى هەیە تانە لە بڕیارى دوورخستنەوەکەى بدات لە بەردەم سەرۆکى زانکۆ لە ماوەى (15) ڕۆژ لە ڕۆژى ئاگادارکردنەوەى بە بڕیارى دوورخستنەوەکە، یان لە ڕۆژى بڵاوکردنەوەى بڕیارەکە لە تابلۆى ئاگادارکردنەوەى لە کۆلێژ ئەگەر نەتوانرا ئاگادار بکرێتەوە. بەڵام ئەگەر بڕیارى دوورخستنەوەکەى کۆتایى بوو بۆى هەیە تانە لەو بڕیارە بدات لەبەردەم ئەنجوومەنى زانکۆ. وپێویستە لەسەر ئەنجومەن و سەرۆکی زانکۆ هەریەکەیان بەپێی ئەو دەسەڵاتەی کە پێیان دراوە،  بڕیاری یەک لاکەرەوە بدەن لە ماوەی (15) ڕۆژدا لە ڕۆژی بەرزکردنەوەی داواکەوە و بڕیارەکەشیان کۆتایی دەبێت.

 

بەندى یازدە:

بڕیارى سزا کە بڵاودەکرێتەوە لە تابلۆى ئاگادارکردنەوەی کۆلێژدا بۆ ماوەیەک کە لەیەک هەفتە کەمتر نەبێت، وەبەنوسراو بەخێوکەرى قوتابى/خوێندکار ئاگاداردەکرێتەوە و قوتابى/خوێندکار بانگهێشت دەکرێت بەمەبەستى ڕوونکردنەوەى هۆکارى سزاکە.

 

بەندی دوانزە( تایبەت بە زانکۆی سۆران): ڕێنمایی تایبەت بە تاقیکردنەوەکان:

         هەر قوتابییەک لە تاقیکردنەوەی ڕۆژانە (کویز)، مانگانە (میدتێرم)، کۆتایی (فاینەڵ) گزی بکات یان هەوڵی گزیکردن بدات، ئەوا لە سمستەرێکی خوێندن بە کەوتوو هەژمار دەکرێت، واتە سەرجەم نمرەی کۆشش و تاقیکردنەوەی کۆتایی لە سەرجەم وانەکانی ئەو سمستەری بە سفر هەژمار دەکرێت و قوتابی دەبێت دووبارە سەرجەم وانەکانی ئەو سمستەرە وەربگرێتەوە، لە ئەگەری دووبارە کردنەوەی، قوتابی سڕینەوەی ناوی بۆ دەردەکرێت، واتە بە یەکجاری لە زانکۆ دەردەکرێت.

         ئەم ڕێنماییە سەرجەم چالاکییەکان دەگرێتەوە، واتە کەسێک خۆی ئەرکەکانی ( سیمنار، ئەرکی ڕۆژانە، راپۆرت، پرۆژە... هید  نەکات، کەسێکی تر بۆی ئەنجام بدات یاخود بیکڕێت، ئەو بە گزی هەژمار دەکرێت.

         هەروەها ئەگەر قوتابی لە تاقیکردنەوەکانی  ڕۆژانە (کویز)، مانگانە (میدتێرم)، کۆتایی (فاینەڵ)، لەسەر تەختە بنوسێت، لە ئەندامەکانی لەشی شت بنوسێت، مۆبایل، هێدفۆن، کاتژمێری زیرەک یان هەر شتێکی تر بە مەبەستی گزی بەکاری بهێنیت،  یاخود لە کاتی تاقیکردنەوە هەوڵی زانیاری وەرگرتن و زانیاری پیدان بێت، ئەوا کارەکەی بە گزی هەژمار دەکرێت