
2025-02-17
لە زانکۆی سۆران وێرکشۆپی ڕووداوەکانی پەیوەست بە بەرگری شارستانی بەڕێوەچوو
رۆژی دووشەممە، ١٧ی شوباتی ۲۰۲٥، بە ئامادەبوونی بەڕێز پ. ی. د. ڕزگار سعید حسین، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان و د. ئەیاد نووری فقی، ڕاگری فاکەڵتیی زانست و مقدم کاروان عەلی حەیدەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران و مامۆستا، فەرمانبەران و قوتابیان وێرکشۆپی ڕاهێنانی ڕووداوەکانی پەیوەست بە بەرگری شارستانی، بۆ مامۆستا و فەرمانبەران و قوتابیانی هەر یەکە لە، فاکەڵتیی زانست، فاکەڵتیی ئەندازیاری، سەنتەری توێژینەوەی زانستی، بەڕێوەچوو.
لە دەستپێکدا، د. بەهائەدین فقی احمد، ی. ڕاگری فاکەڵتیی ئەندازیاری، بەناوی زانکۆی سۆران، سوپاس و پێزانی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران کرد و هیوای خواست کە ئەم جۆرە وێرکشۆپانە بەردەوامبن.
دواتر، مقدم کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران، باسی لە گرنگی بەڕێوەچوونی ئەم جۆرە چالاکییانە کرد لە کەمکردنەوەی ڕووداوەکان.
جێی ئاماژەپێدانە، ئەم وێرکشۆپە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری مامۆستا و فەرمانبەران و قوتابیانە سەبارەت بە هۆکار و جۆرەکانی ئاگر و ناساندنی ئامێرەکان و چۆنیەتی بەکارهێنانیان، بۆ خۆپاراستنیان لە ڕووداوە نەخوازراوەکانی وەک: ئاگر کەوتنەوە و چۆنیەتی مامەڵەکردن و بەڕێوەبردنی دۆخە مەترسیدارەکان بە شێوەیەکی سەلامەت تا گەیشتنی تیمەکانی بەرگری شارستانی.
ئەم وێرکشۆپە بە دوو بڕگە بەڕێوەچوو، لە بڕگەی یەکەم گشت بابەتەکان بە شێوەی تیۆری باسکران و لە بڕگەی دووەم بە شێوەیەکی کرداری بەشداربووان مەشقیان پێکراو فێری بەکارهێنانی ئامێرەکان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاگرکەوتنەوەی بتڵی غازی شل بوون.
شایانی باسە، ئەنجامدانی وێرکشۆپەکە بەردەوامی دەبێت بەم شێوەی خوارەوە:
ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣/٢/٢٠٢٥، فاکەڵتی پەروەردە، هۆڵی شەهید زێرەڤان، کات: ۱۰ی بەیانی.