2024-08-14

Three new projects open for service


 
بە سوود وەرگرتن لە بەرهەمی کارگە ناوخۆییەکان، پڕۆژەکان بە دیزاینێکی سەردەمییانە و سەرنجڕاکێش دروستکراون
لە بەردەوامی هەوڵەکانی زانکۆی سۆران، بۆ خزمەتکردنی قوتابییان و مامۆستایان، بە ئامانجی دابینکردنی ژینگەیەکی باشتری خوێندن ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ـی ئابی ٢٠٢٤، لە چوارچێوەی پلانی ئامادەکاری بۆ ساڵی نوێی خوێندن، لە ژێر چاودێری پ.ی.د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران، بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ، سەرۆکی بەشە زانستییەکان، بەڕێوەبەران، ژمارەیەک لە مامۆستا و فەرمانبەران، سێ پڕۆژە لە باڵەخانەی A (باڵەخانەی زانست و ئەندازیاری) لە کەمپەسی دێلزیانی زانکۆ کرانەوە.
پڕۆژەی یەکەم: کردنەوەی هۆڵی چاڵاکیی زانستیی، بە مەبەستی دابینکردنی شوێنی زیاتر بۆ چاڵاکیی زانستیی وەک: سیمینار، وێرکشۆپ و سیمپۆزیۆم،... هۆڵی جەزەری بە شێوازێکی مۆدێرن کرایەوە. هۆڵەکە گشت پێداویستییەکانی بۆ دابینکراوە و بەناوی زانای گەورەی کورد "جەزەری” ناونرا.
پڕۆژەی دووەم: دووبارە ڕێکخستن و دیزاینی هۆڵی خوێندنەوە و دابینکردنی گشت پێداویستییەکانی، بە مەبەستی فراوانترکردن و لەبارکردنی ژینگەی توێژینەوە و خوێندنەوە بۆ قوتابییان و توێژەرانی زانکۆکەمان. هوڵی خوێندنەوەی باڵەخانەی A، بە دیزاینێکی جیاواز کرایەوە.
پڕۆژەی سێیەم: دروستکردنی ئۆفیس بۆ سەنتەری ڕاوێژکاریی ئەندازیاری لە فاکەڵتیی ئەندازیاری. بە مەبەستی دانانی دیزاین بۆ پڕۆژە، ئامادەکردنی دەرخستە، پێشکەشکردنی ڕاوێژی ئەندازیاری و سەرپەرشتی، ... هتد ئەو پڕۆژانەی پێشکەشی سەنتەرەکە دەکرێن.
جێی ئاماژەپێدانە، هەوڵدراوە بە باشترین شێواز زۆرترین سوود لە گشت ڕووبەری باڵەخانەکە وەربگیرێت بۆ چەندین مەبەست و گشت چین و توێژەکانی زانکۆ سوودی لێوەربگرن، هەروەها بە دیزاینێکی سەردەمییانەی سەرەنجڕاکێش و بە کەمترین تێچوو توانراوە بە ئەنجام بگەیەنرێت.
وەک هەنگاوێکی کرداری بۆ پاڵپشتی هێزی کاری ناوخۆیی، هەوڵدراوە لە جیاتی بەکارهێنانی کەلوپەلی هاوردە، پێداویستییەکان لە بەرهەمی کارگە ناوخۆییەکان دابین بکرێت.
لای خۆیەوە سەرۆکی زانکۆ دەستخۆشی لە سەنتەری ڕاوێژکاریی ئەندازیاری، ئەندازیاران و گشت لایەنە بەشداربووەکانی دیزاین و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی کرد.
ڕاگەیاندنی زانکۆی سۆران

Additional Images