2024-12-14
لە یادی ١١٠ ساڵەی شەهیدکردنیدا شێخ عەبدولسەلام بارزانی وەک ڕابەرێکی جیهانی ژینگەپارێزی و ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی
ئەمڕۆ ١١٠ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر شەهیدکردن و لەسێدارەدانی یەکێک لە دیارترین ڕابەرانی ناو مێژووی نوێی کورد، ئەویش شێخ عەبدولسەلام بارزانییە، ناوبراو بێجگە لە پێگە سیاسییەکەی، بە سەرکردە و ڕابەرێکی دیاری ژینواری و چاکسازی کۆمەڵایەتی و مرۆڤدۆستی دادەنرێت، لەم ڕووەوە بە کارەکتەرێکی جیهانی دادەنرێت، هەروەها یەکێک بووە لە ڕەچەشکێن و پێشەنگەکانی چاکسازی کۆمەڵایەتی و ئابووری، بە بناغە داڕیژەری ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتیی بزوتنەوەی بارزان دادەنرێت کە کاریگەرییەکەی بەشێکی زۆری کوردستانی گرتەوە، بیرۆکە و هزرەکانی شێخ و ڕیفۆرمەکانی تاوەکو ئێستاش بوونەتە سەرمەشقی ژیان و مرۆڤسازی لە کوردستاندا، شێخ عەبدولسەلام بارزانی کە لە ئەدەبیاتی کوردیدا بە(شێخ عەبدولسەلامی دووەم) ناسراوە، لەسالی ١٨٧٨ لە گوندی بارزان لەدایک بووە، ساڵی ١٩٠٢-١٩٠٣ بە دەستپێکی شێخایەتی ناوبراو دادەنرێت لە تەکیەی بارزان، ئەو لەماوەی ژیانی شێخایەتی خۆیدا چەندین چاکسازی ئەنجام داوە لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری وژینگەیی، ناوبراو ناودارترین ڕیفۆرمخوازی کوردستانە کە داوای چاککردنی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و پاراستنی ژینگە و ژیانی خەڵکی کردووە.
ئەو پڕۆژە چاکسازیەی کە شێخ بە کردەوە ئەنجامی داوە، لە پڕۆسەیەکی چاکسازی گشتگیر لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و پاراستنی ژینگە بەرجەستە بووە، کە لەسەردەمی خۆیدا وێنەیان نەبووە، لەم رووەوە بەجۆرێک پێش سەردەمی خۆی کەوتووە، تەنانەت دوای دەیان ساڵ ئینجا وڵاتانی دونیا باسیان لە مافی مرۆڤ و مافی ئافرەت کردووە و جاڕنامەی جیهانیان بۆ دەرکردووە.
یەکێک لەو چاکسازیانەی کە شێخ ئەنجامی داوە، دامەزراندنی سیستمێکی ئابووری ئیشتراکی بووە بەو پێیەی شێخ ویستویەتی لەناوچەکانی ژێر هەژموونی خۆی جۆرێک لە دادپەروەری لەبواری زەوی و زار بێنێتە کایەوە، بۆ ئەم مەبەستەش هەڵساوە بە هەڵوەشاندنەوەی موڵکایەتی،نەهێشتنی جیاوازی نێوان جوتیار و دەرەبەگ، دابەشکردنی زەوی بەسەر جوتیاران، کاری هەرەوەزی وڕێکخستنی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان لەسەر بنەمای یەکسانی.
لە ڕووە گەشەکانی ئەو چاکسازیانەی شێخ، پشتیوانیکردن بووە لە نیوەی کۆمەڵگە کە ئافرەتان پێکهێنەری بوون کە بۆ ئەو قۆناغ لە زۆرێک لە کۆمەڵگەکاندا تاڕادەیەکی زۆر مافەکانیان زەوت کرابوون، زوڵم و ستەمیان بەرامبەر دەکرا، بەڵام ئەو بنەمایانەی شێخ بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووخواز دایمەزراندبوو،گەشەی بەو فۆڕمە چاکسازیانەدا کە پێشتر لەسەر دەستی شێخەکانی بارزان کاریان لەسەر کرابوو، بۆیەش لەو کاتەدا ژنان ماف و ئازادی خۆیان هەبووە و ڕیزلێگیراوبوون، بەرگریکردن لە ژنان و ئازادی ئافرەت لە هەڵبژاردنی هاوژینی خۆی یەکێک لەو چاکسازیە کۆمەڵایەتیانە بووە کە شێخ زۆر گرنگی پێداوە و لەسەر ئەو پڕۆگرامە ڕۆیشتووەکە شێخ محەمەدی باوکی دایهێنابوو، لەلایەکی دیکەوە نەهێشتنی مارەیی و بەزۆر بەشوودانی کچان ڕیفۆرمێکی دیکەی گرنگ بووە، هەروەها بنەمایەکی دیکەی تایبەت بە ئافرەتان ئەوە بووە کە نابێت جیاوازی چینایەتی لە پەیوەندی نێوان ژن و مێرد دا بەکار بهێنرێت، ئەم بڕیارانەی وای کردبوو پێگەی ئافرەت بەرزبێتەوە و دەنگی بەرزیان هەبێت لە بەشداریکردن لە بەڕێوەبردنی ماڵ و بڕیاری چارەنووسسازی خێزان.
بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، شێخ بڕیاری بنیاتنانی مزگەوتی دا لە گوندەکان، لەلایەکەوە بۆ ئەنجامدانی عیبادەت و پەرستشەکانیان، لەلایەکی دیکەوە مزگەوت بووە بنکەیەکی کۆمەڵایەتی گرنگ و جێی پرس و ڕاوێژ و چارەسەرکردنی گیروگرفتەکانی دانیشتوانی گوند، هەروەها دانانی لیژنە بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیان، جگەلەوە چەکداری لە هۆزەکان دروستکرد و بەرپرسی بۆ دانان بۆ پاراستنیان لە مەترسی.
لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلامدا، بەها نوێیەکان کە بەکەڵکی ژیان دەهاتن بەسەر کۆمەڵگەدا بڵاوکرانەوە، ڕێزگرتن و پاراستنی لێبوردەیی ئایینی یەکێکی دیکەیە لەو چاکسازیانەی کە شیخ پێی هەڵساوە، بەرگریکردن لە پەیڕەوکارانی ئاینی مەسیحی و جوو و ئێزدی کارێکی لە پێشینەی بووە، شێخ پەیوەندی نێوان بزووتنەوەی بارزان و پێکهاتە ئایینییەکانی جوو، مەسیحی پتەوتر کرد، لە باوەڕی بیروباوەڕی بارزان بە گشتی و لەگەڵیشیدا سەردەمی شێخ عەبدولسەلام ئازادی ئایینی ڕێگەپێدراو و ڕێزلێگیراو بووە، ڕێزگرتن و پاراستنی سەرجەم دانیشتوان بە هەموو پێکهاتە ئایینیەکانەوە بێ جیاوازی یەکێکی دیکە بووە لە بیروباوەڕی شێخ عەبدولسەلام و لەسەر ئەو بنەمایە کاری کردووە، بنەمای بیروباوەڕی شیخ جەختکردنەوە بووەلەسەر ئاسانکردنی ژیان بۆ مرۆڤ، خۆشەویستی و لێبووردەیی بە بنەمایەکی سەرەکی کۆمەڵگە داناوە، لەم ڕووەوە شێخ هەوڵی چەسپاندنی دادپەروەری و یەکسانی کۆمەڵایەتی داوە و بە کردەوش جێبەجێی کردووە، هەروەها پاراستنی ژینگە و باڵندە وئاژەڵە کێویەکان یەکێک لەکارە هەرە لەپێشینەکانی بووە.
سەبارەت بە ژینگە پارێزی و ڕێزگرتن لە سروشت کە بنەمایەکی دیکەی بزووتنەویە بارزان و شێخ عەبدولسەلام بوو، هۆکاری خواناسی و نزیکبوونەوە بووە لە خودا، هەروەک نووسەرێک دەنووسێت: بیرکردنەوە و پارێزگاریکردن لە سروشت بەشێک بووە لە بزووتنەوەی عیرفانیی شێخانی بارزان کە لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەم بنیاتنراوە لە چوارچێوەی چاکسازی کۆمەڵایەتیدا کە بنەماکانی بریتی بوون لە خۆناسین و خوداناسی. لە روانگەی شێخانی بارزان ناسینی سروشت هۆکارێک بووە بۆ ناسینی مرۆڤ کە دەرەنجامەکەی خوداناسی بووە.
ژینگەپارێزی لە بزووتنەوەی بارزان و شێخ عەبدولسەلام بەشێوەیەکی سەرەکی خۆی لە پارێزگاری لە ئاو و ڕووەک و ئاژەڵدا دەبینیەوە، نموونەی ئەم جۆرە ڕەفتارە لە دونیادا هێشتا نموونەی نەبوو لەو سەردەمدا و پێشەنگی گرتووە، لەم ڕووەوە بڕینی دار و درەخت و لەناوبردنی زیندەوەر و ئاژەڵ قەدەغە بوو، ڕێنمایی تایبەت بە بڕینی دار و درەخت بە خەڵک دراوە، بۆ نموونە داربەڕوو دەبوو بەو ئەندازەیە چڵ و گەڵاکانی لێبکرێتەوە کە بۆ خودی دارەکە و ئاژەڵداری و دروستکردنی خانووبەرە پێویست بوو، لەلایەکی دیکەوە هانی چاندنی داری بەر و چاودێریکردنی بەشێکی دیکە بووە لە چاکسازییەکانی شێخ عەبدولسەلام، هەر ئەمە وایکردبوو پاش ماوەیەک شاخ و دارستانەکانی ناوچەی بارزان وایانلێهات وەک دیمەنێکی سەرجڕاکێش بدەن و ئاووهەوایەکی پاک و ژینگەیەکی تەندروست ببەخشن بە مرۆڤ و دەوروبەر.
لە بەرامبەر ئەو ئاژەڵ و پەلەوەرانەشی کە بەرهەمداربوون بۆ مرۆڤ، لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلام دەبوو بە هێمنی و نەرمونیانی بەبێ ئازاردان مەمەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، بۆ نموونە لەکاتی دۆشینی ئاژەڵ و دەرهێنانی هەنگوین لە پورەی هەنگ، هەروەها بەهەمان شێوەش ڕەفتار لەگەڵ مێش و مەگەز و خشۆکەکان کراوە، بۆ موونە پێداگیری کراوە لەسەر نەکوشتنی ماری ڕەش بەوپێیەی ئەو جۆرە مارە ژەهراوی نەبووە، تەنانەت بەرامبەر ئاژەڵی دڕندە و ماری ژەهراوی کاتێک هەرەشە و مەترسی بووایە بە گوێرەی پێویست ڕێگەی کوشتنیان درابوو، بەجۆرێک کوشتن و ڕاوکردنیان نەبێتەهۆی قەڵاچۆکردن و کۆتاییهێنان بە وەچەکانیان.
ئەو ڕیفۆرمەی شێخ عەبدولسەلام لەبواری ژینگەدا کردی، بووە ڕێچکەیەک کە لەدوای خۆیشیەوە پەرە بە ڕەوشتی ڕێزگرتن لە سروشت تا ئەو ئەندازەیە گەشە بکات ئیتر لەوە بەدواوە گیانەوەرەکانیش پارێزراوبن، هەروەها ژینگەدۆستی بووە بەشێک لە نەریتی ناوچەکە، لەم ڕووەوە تەکیەی بارزان مافی ئەوەی هەبوو سزای هەموو ئەو کەسانە بدات کە ڕێساکانی پاراستنی ژینگە و سروشتیان بەزاندووە.
ئەو چاکسازیانەی کە لەو سەردەم شێخ عەبدولسەلام پێی هەڵساوە، بەتایبەت لە پرسەکانی پاراستنی ژینگە، ئازادی، یەکسانی، لێبوردەیی ئایینی، مافەکانی ژنان و هێنانەکایەی جۆرێک لە ئابووری ئیشتراکی وایکردبوو کە ئەو بیرە پێشکەوتووخوازەی شێخ دەگمەن کەم وێنە بن، بگرە لەبواری ژینگەدۆستیدا بێ وێنە بووە لە هەموو جیهان لەوکاتدا،هزری پێشکەوتووخوازی شێخ عەبدولسەلام بارزانی پێشڕەویکردنی جیهان لەمەدا بەڕوونی دەردەکەوێت کە دوای چەندین ساڵ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و حکومەتەکان داوای ئەو جۆرە چاکسازیانەیان کردووە کە شێخ عەبدولسەلام چەندین ساڵ زووتر بڵاویکردۆتەوە و پیادەی کردووە. ئەو بنەما و چاکسازیانە کە زیاتر لە سەدەیەک پێش ئێستا شێخ عەبدولسەلام بناغەکەی داناوە ئێستاش کاریگەری ماوە بەسەر کۆمەڵگا و تەنانەت کلتووری ژینگە پارێزی و لیبوردەیی و پێکەوەژیان بۆ سەردەمی ئێستاش بووەتە بابەتێکی جێبایەخی زۆربەی سەرکردە سیاسی وڕابەرانی چاکسازیخواز، هەربۆیەش دەکرێت بگوترێت شێخ عەبدولسەلام سەرکردە و ڕابەرێکی جیهانی بووە لە بواری چاکسازییە کۆمەڵایەتی و ئابووری و کلتووری و ژینگەییەکان.
هەزاران سلاو لە گیانی پاکی و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان.