ئەم توێژینەوەیە بە ئامانجی دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکانی نێوان خوێندنی ئەکادیمی لە بەشی زمانی کوردی و پێویستییەکانی بازاڕی کاری سەردەم ئەنجامدراوە. مەبەستی سەرەکی خستنەڕووی ئەو ڕێگەیانەیە کە تێیدا پسپۆڕی زمان دەتوانێت ببێتە کارەکتەرێکی کاریگەر لە کایەی ئابووریدا. کێشەی سەرەکی بریتییە لە مانەوەی پرۆگرامەکانی خوێندنی کوردی لە چوارچێوەیەکی کلاسیکیدا کە تەنها لە ئەدەب و مێژوودا قەتیس بووە. ئەمەش بۆشاییەکی زانستی و کرداریی گەورەی لە نێوان دەرچووانی ئەم بەشە و کەرتی تایبەت و پێویستییەکانی کۆمپانیا بازرگانییەکاندا دروست کردووە، کە پێویستییان بە شارەزایانی زمانەوانیی کارەکی هەیە. توێژینەوەکە پەیڕەوی لە ڕێبازی (وەسفی-شیکاری) دەکات. بۆ کۆکردنەوەی داتاکان، پشتمان بە وێنە و فۆتۆگرافی مەیدانی بەستووە وەک کەرستەیەکی سەرەکی، کە تێیدا نموونەی جۆراوجۆری تابلۆی بازرگانی، لۆگۆ و پۆستەری ڕیکلامیی ناو بازاڕی چەند شار و شارۆچکەیەکی کوردستان وەک داتا کۆکراونەتەوە بۆ نموونە: (نێو بازاڕەکانی هەولێر و سۆران و سلێمانی)، تیۆریی (سەرمایەی زمانەوانی)ی "پیێر بۆردیۆ" وەک بنەمایەکی فەلسەفی بۆ سەلماندنی بەهای ئابووریی زمان بەکارهێنراوە، بە جۆرێک کە زمان وەک کاڵایەکی بازرگانی لە ناو وێنە و پەیامەکاندا شیکار کراوە. توێژینەوەکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە گۆڕینی دیدگای خوێندن لە تیۆرییەوە بۆ کارەکی و بەستنەوەی بە تەکنەلۆژیا و ئابووری، نەک تەنها دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی کوالێتیی پەیامی بازرگانی، بەڵکو دەرفەتی کاری نوێ و هەمەجۆر بۆ دەرچووان دەڕەخسێنێت. گۆڕاوە سەرەکییەکان دەریانخست کە بازاڕی کار تینووی زمانەوانیی بازرگانییە. پێشنیار دەکرێت پرۆگرامەکانی خوێندن بە ئاراستەی زمانەوانیی کارەکی پەرەیان پێ بدرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی بازاڕی کاردا بگونجێن.