تیۆری پێشنمونە یەکێکە لە تیۆرە چالاک و کاریگەرەکانی واتاسازیی زانینی، چونکە لەم تیۆرەدا سنوری پۆلەکان جێگیر نین، بۆیە مرۆڤ لە هەڵبژاردنی پێشنمونەکان پەنا بۆ باشترینی پۆلەکە دەبا، ئەمەش وایکردوە، کە پارت و کاندیدەکان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بە مەبەستی سەرنجڕاکێشانی جەماوەر، ئەو دەربڕینانە لە دروشمەکانیان زەقبکەنەوە، کە زۆرترین کاریگەرییان لەسەر دەرونی تاک هەیە بە ئامانجی کۆکردنەوەی زۆرترین دەنگی جەماوەر. ئەم توێژینەوەیەش لە ڕێگەی شیکردنەوەی دروشمی کاندیدانی سێ پارتی سیاسی لە ڕوانگەی تیۆری پێشنمونەیی هەوڵدەدا ئەوە دەستنیشانبکا، کە کاندیدەکان کام دەربڕینیان کردۆتە پێشنمونەی دروشمەکانیان و جۆری پێشنمونەکان لە چ جۆرێکن و ئاستی دوبارەبونەوەیان چەندە. لە ڕێی تیۆری پێشنمونەوە دەتواندرێ درک بە ئایدۆلۆژیای پارتە سیاسییەکان بکەین، هەروەها جگە لە ئایدۆلۆژیای پارتەکان دەتواندرێ درک بە ئایدۆلۆژیای کاندیدەکانیش بکەین و بزانین هەڵگری چ ئایدۆلۆژیایەکن، لەگەڵ خوێندنەوەی ئەو پەیوەندییەی، کە لە ڕێگای دروشمەکانەوە لەنێوان کاندیدەکان و دەنگدەران دروستدەبێ. میتۆدی توێژینەوەکە وەسفی_ئامارییە. لە هەڵبژاردنی جۆری پێشنمونەکان پارتە سیاسییەکان سەرەڕای هاوبەشیان، پەیڕەوی لە جۆری جیاوازی پێشنمونەکان دەکەن، ئاستی بەکارهێنانی جۆرەکانیش لای پارتە سیاسییەکان جیاوازە، بە جۆرێک کە کاندیدەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان زیاتر سودیان لە جۆری پێشنمونەیی (نیشتیمانپەروەری) و کاندیدانی یەکێتی سودیان لە جۆری پێشنمونەیی (سیاسی) وەرگرتوە، هەرچی ڕەوتی هەڵوێستە سودی لە پێشنمونەی (کۆمەڵایەتی) وەرگرتوە. بەشێوەیەکی گشتیش پێشنمونەی (نیشتیمانپەروەری) بەرزترین ئاستی دوبارەبونەوەی هەیە بە بەراورد بە پێشنمونەکانی دیکە لەلایەن هەرسێ پارتە سیاسییەکە.