مێژووی کۆنی کوردستان زۆر دەوڵەمەند و پڕ بایەخە، بۆیە پێویستە لێکۆڵینەوە لەسەر گرنگترین لایەنی سیاسی و بنەما شارستانییەکانی بکرێت، ئەم توێژینەوەیە بریتییە لە باسکردن و ڕوونکردنەوەی رۆلی سیاسی و شارستانی پاشایەکەی بەهێزی شانشینی ماد کە ئەویش (کەی خەسرەو)ە، ناوبراو توانی شانشینەکەی بگەیەنێتە قۆناغی ئیمپڕاتۆریەت بەشێوەیەک کە لەلایەن بەشیک لە مێژوونووس و توێژەرانی خۆرئاوا بە (The Medes Empire)، ناوی هاتووە. بۆیە بە پێویست زانراوە کە پشت بەستن بە کۆمەڵێک سەرچاوەی ئەکادیمی و زانستی، لێکۆڵینەوە لە هەنگاوە سیاسی و شارستانییەکانی ئەو پاشایە بکرێت و ئەنجامەکانی لە چەند خاڵێکدا بخرێنەڕوو. تیۆری توێژینەوە: بەپێویستمان زانی کە لە توێژینەوەکەدا تیۆری سەرکردایەتی/ ڕۆڵی پیاوی گەورە (Great Man" Theory of Leadership، بەکاربهێنرێت، کە بیردۆزەی هەریەک لە بیرمەندان کارلایل و گاڵتۆن Thomas Carlyle) ،Francis Galton)ە. لە توێژینەوەکەدا ڕێباز و میتۆدی (مێژوویی وەصفی) بەکارهاتووە، هەروەها بەپێی توانا و پێویستی توێژینەوەکە لە چەند شوێنێک شڕۆڤە بۆ هەنگاوە سیاسی و ڕۆڵی شارستانی پاشا و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگا، باسیان لێوەکراوە. توێژینەوەکە سێ بەشی سەرەکی و چەندین تەوەرەی لەخۆی گرتووە، لە لە بەشی یەکەمدا، جوگرافیای وڵاتی ماد، ناسنامەی مادەکان و سەرهەڵدانی شانشینی ماد. و لە بەشی دووەمیش، رۆلی سیاسی پاشا کەی خەسرەو و قۆناغەکانی هەنگاونان بەرەو ئێمپڕاتۆرییەت، و لە بەشی سێیەم و کۆتاییدا ڕۆڵی شارستانی ناوبراو، لە چەند تەوەرەیەکدا باسیان لێوەکراوە، لە کۆتایشدا ئەنجامەکانی توێژینەوەکە لە چەند خاڵێکدا خراونەتەڕوو. کلیلە وشه: فراوانخوازی، ئاسایش، پەیوەندی دیپلۆماسی، گەشەی ئابوری، شارستانییەت.