ئەم توێژینەوەیە باس لەو گۆڕانکارییە بنەڕەتی و گەورانە دەکات کە تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد (AI) لە سیستەمی ئاسایشی تاوانکاریدا هێناویەتە کایەوە، وەک ئامرازێکی کاریگەر بۆ پێشبینیکردنی تاوان، ناسینەوەی ڕووخسار و شیکردنەوەی داتا تاوانکارییەکان. ئامانجی سەرەکیی توێژینەوەکە بریتییە لە دەستنیشانکردنی ئەو چوارچێوە یاساییانەی کە پێویستن بۆ ڕێکخستنی بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە؛ بە جۆرێک کە هاوسەنگییەکی ورد لە نێوان " کارایی ئەمنی" و "پاراستنی ماف و ئازادییە کەسییەکان"دا دروست بکات. یەکێک لە دەرئەنجامە سەرەکییەکانی ئەم باسە تیشکخستنە سەر ئەو بۆشاییە یاساییە قووڵەیە کە لە یاسا سزایی و دادوەرییە کلاسیکییەکاندا هەیە، چونکە ئەم دەقە یاساییانە —چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی و چ نێودەوڵەتی— هاوشانی خێرایی گەشەی ژیریی دەستکرد هەنگاو نانێن؛ ئەمەش وایکردووە چوارچێوەیەکی توندوتۆڵ بۆ پاراستنی "نهێنییە کەسییەکان" و "داتا هەستیارەکان" بوونی نەبێت. بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە، توێژینەوەکە پشت بە ڕێبازێکی وەسفکاری و شیکاری دەبەستێت؛ بە جۆرێک لە ڕێگەی وەسفکارییەوە باس لە سروشتی ژیریی دەستکرد و ڕۆڵی لە بەرەنگاربوونەوەی تاواندا دەکات، و لە ڕێگەی شیکارییەوە وردەکاریی سەرچاوە یاسایی، فقهی و ڕاپۆرتە تەکنیکییەکان تاوتوێ دەکات. هەروەها، لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا سوود لە ڕێبازی بەراوردکاری وەرگیراوە بۆ پشکنینی هەندێک لە ئەزموونە نێودەوڵەتی و عەرەبییەکان، تا لە کۆتاییدا چەند پێشنیارێک بۆ داڕشتنی یاسایەکی سەردەمیانە بخاتە ڕوو کە گەرەنتی پاراستنی تایبەتمەندی و دادپەروەری بکات. وشە کلیلییەکان: زیرەکی دەستکرد، ئاسایشی تاوانکاری، چوارچێوەی یاسایی، لایەنگیری ئەلگۆریتمی، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.