دیاردەی ئامادەکردنی ڕاپۆرت، سیمینار و توێژینەوە بە پارە بۆ قوتابیانی خوێندنی باڵا لەم ساڵانەی دواییدا، بە تایبەت دوای جێبەجێکردنی سیستەمی بۆڵونیا، لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە کە کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر کوالێتی خوێندن و ڕەوشتی ئەکادیمی. کۆمەلێک نووسینگە و کەس و پەیجی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان، چ بەشێوەیەکی ئاشکرا بێت یان نهێنی، سەریانهەڵداوە کە هەڵدەستن بە ئامادەکردنی ڕاپۆرت، سیمینار و توێژینەوە بۆ قوتابییانی خوێندنی باڵا بەرامبەر بڕە پارەیەکی دیاریکراو. سەڕەرای زیادبوونی ئەم دیاردەیە، تێبینی دەکرێت کە لە هەرێمی کوردستاندا، هیچ دەقێکی یاسایی نییە بە شێوەیەکی راستەوخۆ و ڕوون رێکخستنی بۆ ئەم بابەتە کردبێت یاخود باسی بەرپرسیاریەتی سزایی ئامادەکاران و نووسینگەکانی کردبێت، بە تایبەت ئەوانەی ئەم کارەیان کردۆتە پیشە و بە بەردەوامی ئەنجامی دەدەن، بۆیە دەتوانین بڵێین لەم بابەتەدا بۆشاییەکی یاسای هەیە و پێویستی بە توێژینەوە و رێکخستن هەیە. ئامانجی سەرەکی ئەم توێژینەوەیە لێکدانەوەی چوارچێوەی یاسایی بەرپرسیاریەتی سزایی ئامادەکاری ڕاپۆرت و توێژینەوەکانە بۆ قوتابییانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستاندا، بەمەبەستی دەستکەوتنی دەقێکی سزایی گونجاو بۆ بەرپرسیارکردنی ئەم ئامادەکار و نووسینگانە. ئەم توێژینەوەیە بە پشت بەستن بە میتۆدەکانی شیکاری و مەیدانی گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە هیچ دەقێکی تەشریعی لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی راستەوخۆ باسی بەرپرسیاریەتی سزایی ئەم کەسانەی نەکردووە، بۆیە لە ڕوانگەی پراکتیکییەوە ڕای جیاواز لە نێوان دادوەر و کەسانی ئەکادیمی هەیە سەبارەت بە تاوان دانانی کاری ئەم کەسانە. وشە سەرەکییەکان: بەرپرسیاریەتی سزایی، ئامادەکاری ڕاپۆرت و توێژینەوەکان بە پارە، وەزارەتی خوێندنی باڵا، هەرێمی کوردستان .