خزمەتگوزاریە کۆمەڵگەییەکان ئەو خزمەتگوزاریانە دەگرێتەوە کە لەلایەن دەوڵەتەکانەوە پێشکەش بە خەڵک دەکرێن بە ئامانجی ژیانێکی باشترو ئارامتر، لەوانە خزمەتگوزاریەکانی (فێرکاری، تەندروستی ئایینی ...هتد). خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان یەکێکن لە گرنگترین خزمەتگوزارییە کۆمەڵگەییەکان کە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە پاراستنی تەندروستی کۆمەڵگە و باشترکردنی کوالیتی ژیان. دابەشکردنی دروستی جوگرافی ئەم خزمەتگوزارییانە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر دەستڕاگەیشتن و دادپەروەری لە نێوان دانیشتوواندا. ئەم توێژینەوەیە ئامانجی شیکردنەوەی دابەشکردنی جوگرافی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانە لە قەزای مێرگەسۆر بۆ ساڵی ٢٠٢٥ وە هەڵسەنگاندنی گونجاوی و کاراییان هەیە، بە پشتبەستن بە ستانداردەکانی پلاندانان و چڕی دانیشتووان و کارمەندانی پزیشکی . توێژینەوەکە لەسەر ئەو گریمانەیە دامەزراوە کە دابەشکردنی دامەزراوە تەندروستییەکان لە ناوچەکەدا هاوسەنگی جوگرافی نییە و جیاوازییەکی ڕوون لە ڕووماڵکردنی خزمەتگوزارییەکان لە نێوان قەزاکەو ناحیەکان و گوندە دوورەدەستەکاندا هەیە. توێژینەوەکە ڕێبازی وەسفی–شیکاری بەکارهێناوە و سوودی لە ئامرازەکانی سیستەمی زانیاری جوگرافی (GIS) وەرگرتووە بۆ نەخشەکێشان و شیکردنەوەی شوێنی دامەزراوەکان، بەمەبەستی دیاریکردنی شێوازی دابەشبوونیان و ئاستی دەستڕاگەیشتن پێیان. داتاکانی توێژینەوەکە لەسەرچاوە فەرمیەکانی حکومەت ، بەتایبەت بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران و بارزان و رووپێوی مەیدانی بۆ دامەزراوە تەندروستیەکانوەرگیراون. ئەنجامەکان پیشانی دا کە دامەزراوە تەندروستییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو لە ناوەندی قەزاکەدا چڕبوونەتەوە، لەکاتێکدا ناوچە دەوروبەرییەکان و گوندە دوورەکان بە کەمێکی ڕێژەیی لە خزمەتگوزارییەکان بەهرەمەند بوون، ئەمەش بووەتە هۆکاری دروستبوونی بۆشایی جوگرافی لە دەستڕاگەیشتن بە یەکسانی بۆ دانیشتوانی ناوچە دورەدەستەکان.توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە دابەشبونەکە زیاتر شوێنییە و ڕەهەندی ئاماریی هەیە نەك دابەشبوونێکی هاوسەنگ لەسەر بنەمای پێداویستی. هەروەها توێژینەوەکە دەرخستووە کە شێوازی دابەشبوونی ئەم دامەزراوانە زیاتر بە پێی نزیکی شوێنی و تایبەتمەندییەکانی ناوچە دیاریکراوە، نەک بە شێوەیەکی پلاندانانی هاوسەنگ. لە هەمان کاتدا، هەڵسەنگاندنی مەودای کاریگەری نیشانی دا کە بەشێک لە دانیشتووان لە دەرەوەی مەودای ستانداردی دەستڕاگەیشتنن، ئەمەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر کارایی و سوودوەرگرتن لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان هەیە، بەتایبەتی لەبەرچاوگرتنی سنوورداری تۆڕی ڕێگاوبان و تایبەتمەندییە شاخاوییەکانی ناوچەکە. لە کۆتاییدا، توێژینەوەکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە پێویستە پێداچوونەوەیەکی گشتی بۆ پلاندانانی جوگرافی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بکرێتەوە و مۆدێلە شیکارییە مۆدێرنەکان بگیرێتەبەر بۆ پشتگیریکردن لە بڕیاردان، دڵنیابوون لە دادپەروەری جوگرافی و باشترکردنی کارایی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە ئێستا و داهاتوودا.هەروەها پێویستی ناوچەکە بە زیادکردنی ژمارەی پزیشکانی پسپۆر و پەرەپێدانی بەشە هەستیارەکانی وەك فریاکەوتن و تاقیگەکان. وشە کلیلەکان: خزمەتگوزاری تەندروستی، قەزای مێرگەسۆر، سیستەمی زانیاری جوگرافی (GIS)، چڕی دانیشتووان