شۆڕشی ئەیلول (١٩٦١-١٩٧٥) وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی و گەورەترین جووڵانەوەی چەکداری و سیاسی لە مێژووی هاوچەرخی کورددا، تەنها ڕووداوێکی سیاسی نەبوو، بەڵکو کۆکەرەوەی تەواوی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان بوو. لە نێو ئەم پێکهاتانەدا، هۆزە کوردەکان ڕۆڵی کۆڵەکەی سەرەکییان گێڕا لە بەردەوامی و سەرکەوتنی شۆڕشەکەدا. ئامانجی سەرەکیی ئەم توێژینەوەیە بریتییە لە خستنەڕووی بەشداریکردنی هۆزەکان لە بزاڤی ڕزگاریخوازی کورددا، بە تیشکخستنە سەر پێگە و ڕۆڵی کارای (هۆزی نزاری) وەک نموونەیەک لەو هۆزانەی کە لە ڕووی سەربازی، لۆجستی و مرۆییەوە بەشدارییەکی کاریگەریان لە شۆڕشەکەدا هەبووە. ئەم توێژینەوەیە هەوڵێکە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە مێژووییەی لە ئەرشیفکردنی ڕۆڵی هۆزەکاندا هەیە. هۆزی نزاری بەهۆی پێگە جوگرافییەکەی و دڵسۆزییان بۆ ڕێبازی بارزانی و شۆڕش، قوربانییەکی زۆریان بەخشیوە. لێرەوە لێکۆڵینەوەکە دەپرسێت: ئەو وێستگە سەرەکییانە کامانەن کە ئەم هۆزە ڕۆڵی تێدا گێڕاوە؟ و ئاستی کاریگەرییان لەسەر ڕووداوەکان چۆن بووە؟ بۆ گەیشتن بە ئەنجامەکان، توێژینەوەکە پشت بە میتۆدی (وەسفی-شیکاری) دەبەستێت، شانبەشانی سەرچاوە مێژووییە نووسراوەکان، چاوپێکەوتنی مەیدانی لەگەڵ پێشمەرگە دێرینەکان و شایەتحاڵە زیندووەکانی ناو جەرگەی ڕووداوەکان ئەنجام دراوە، ئەمەش ڕەسەنایەتییەکی زیاتر بە توێژینەوەکە دەبەخشێت. توێژینەوەکە دەگاتە ئەو ڕاستییەی کە هۆزی نزاری نەک تەنها وەک هێزێکی شەڕکەر، بەڵکو وەک بنکەیەکی جەماوەریی بەهێز پشتیوانی شۆڕشیان کردووە و ناسنامەی نەتەوەیی لای ئەوان لەسەروو هەموو بەرژەوەندییەکی ناوچەییەوە بووە. وشە کلیلییەکان: شۆڕشی ئەیلول، هۆزی نزاری، ڕۆڵی سەربازی، بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد، مەلا مستەفا بارزانی .