لە سەدەی هەشتەمی پێش زایین (٨ پ.ز)، لە هەردوو دەوڵەتە-شاری ئەسینا و ئەسپارتا، خانەدانەکان، کۆیلەکان و ئازادەکان بەردی بناغەی سیستەمی چینایەتییان دامەزراند. لە ئەسینا، سەرهەڵدانی چینایەتی بۆ ئایدیۆلۆژیای سێ بنەماڵە سەرەکییەکەی ئەو شارە دەگەڕایەوە، کە خۆیان بە نەوەی پاڵەوانە میتۆلۆژییەکان دەناساند و خەڵکانی دەوروبەریشیان وەک ژێردەستە تەماشا دەکرد. دواتر ئەم سیستەمە گەشەی سەند و چینەکان لەسەر بنەمای دەوڵەمەندی، ڕەچەڵەک و دەستکەوتی فیکری پۆلێن کران. بە پێچەوانەی ئەسینا، سیستەمی چینایەتی لە کۆمەڵگەی ئەسپارتا لەسەر بنەمای "خوێن" و ڕەگەز بوو؛ واتە تەنها هۆزی "دۆرییەکان" مافی سەرکردایەتی و پێگە باڵاکانیان هەبوو، کە خۆیان وەک گەلێکی هەڵبژێردراو دەبینی. ئەسپارتا سیستەمێکی چینایەتیی زۆر توند و "کاستی سەربازی" پەیڕەو دەکرد، کە تێیدا چینێک فەرمانڕەوا بوو و چینێکی تریش دەچەوسایەوە. ئەمەش لەگەڵ تیۆرییە کۆمەڵایەتییەکان یەکدەگرێتەوە کە پێیان وایە سیستەمی چینایەتی دوو جەمسەری (چەوسێنەر و چەوساوە) بەرهەم دەهێنێت. هۆزی دۆرییەکان بەهۆی پاشخانە دەروونییەکەیانەوە، سیستەمێکی تۆقێنەریان بەرامبەر دانیشتوانە ڕەسەنەکە بەکارهێنا بۆ پاراستنی باڵادەستیی خۆیان. ئەم توێژینەوەیە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی یۆنانی کۆن و دابەشبوونی چینایەتی لەسەر بنەمای هێز، ئابووری و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەخاتە ڕوو. ئامانجی سەرەکی، شیکردنەوەی جۆری چینایەتییە لە هەردوو دەوڵەتە-شارەکەدا لە ڕووی جیاوازی و لێکچوونەکان، لەگەڵ تیشکخستنە سەرئاستی گۆرانکارییەکان، بەردەوامییەت، نادادی نێوان چینەکان. بۆ گەیشتن بە ئەنجامەکان، توێژینەوەکە پشت بە میتۆدی (وەسفی-شیکاری) دەبەستێت و سوود لە ژێدەرە مێژوویی، فەلسەفی و کۆمەڵناسییەکان وەردەگرێت. توێژینەوەکە دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە ململانێی نێوان چینی باڵا و چینی ژێردەست، بزوێنەری سەرەکیی مێژووی ئەو سەردەمە بووە. هەروەها ئەم ململانێیە لە کۆمەڵگەی یۆنانیدا، بەتایبەت لە ئەسینا، بووە هۆکاری ڕاستەوخۆی سەرهەڵدانی "دیمۆکراسیەت"؛ وەک هەوڵێک بۆ ڕەخساندنی دەرفەت بۆ دەنگە جیاوازەکان و گوزارشتکردن لە هەڵوێستەکان، کە دواتر ئەم ئەزموونە کاریگەریی بەسەر هەموو جیهانەوە جێهێشت. وشە کلیلییەکان: ئەسپارتا، ئەسینا، سیستەمی چینایەتی، ململانێی چینایەتی، دیمۆکراسیەت.