بزوتنەوەی جوتیاران لە پارێزگای هەولێر (١٩٥٣-١٩٦٣) وەک یەکێک لە گرنگترین خەباتە چینایەتی و کۆمەڵایەتییەکان لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا، تەنها وەک بزوتنەوەیەکی ناوخۆیی نەبوو، بەڵکو وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە بەرەوپێشبردنی هۆشیاریی چینایەتی و داواکاریی مافە کۆمەڵایەتییەکان هاتە ژماردن. لە ناو ئەم پرۆسەیەدا، جوتیاران وەک چینێکی چەوساوە ڕۆڵی سەرەکییان گێڕا لە ڕووبەڕووبوونەوەی سیستەمی فێودالی و نادادپەروەریی خاوەندارێتییەکاندا. ئامانجی سەرەکیی توێژینەوەکە بریتییە لە خستنەڕووی بەربەستە سەرەکییەکان کە لە بەردەم ئەم بزوتنەوەیەدا هەبوون و تیشکخستنە سەر کاریگەرییان لەسەر ئاراستە و ئەنجامەکانی خەباتی چینایەتیی جوتیاران. ئەم توێژینەوەیە هەوڵێکە بۆ شیکردنەوەی ئەو ئاڵۆزی و کێشە مێژووییانەی کە ڕێگر بوون لە گەشەسەندنی خەباتی جوتیاران، وەک زۆرداریی دەرەبەگەکان، کەمبوونی هۆشیاریی خوێندەواری و ڕێکخستن، فشاری دەسەڵاتی حکومەتی و نەبوونی پشتیگیریی تەواوی سیاسی. هەروەها توێژینەوەکە ڕوونی دەکاتەوە کە ئەم بەربەستانە چۆن کاریگەرییان هەبوو لەسەر لاوازکردنی توانای ڕێکخستنی جوتیاران و درێژەپێدانی خەباتەکە. بۆ گەیشتن بە ئەنجامەکان، توێژینەوەکە پشت دەبەستێت بە پەیڕەوی (وەسفی-شیکاری) و بەکارهێنانی سەرچاوە مێژووییە نووسراوەکان و بەڵگەنامەکان، لەگەڵ بەراوردکردنی زانیارییەکان بۆ دەستنیشانکردنی فاکتەرە سەرەکییەکان. ئەم ڕێبازە زانستییە تیشک دەخاتە سەر دۆخی ڕاستەقینەی خەباتی جوتیاران و بەربەستەکانیان. توێژینەوەکە دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە سەرەڕای هەبوونی بەربەستی زۆر، بزوتنەوەی جوتیاران توانیویەتی بنەمایەکی بەهێز بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاریی چینایەتی و داواکاریی مافەکان دابنێت و ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە دروستکردنی پەیوەندیی نێوان خەباتی چینایەتی و نەتەوەیی لە کوردستاندا. لە کۆتاییدا، ئەم خەباتە وەک پێشەنگێک بۆ گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان هاتە ناساندن و کاریگەرییەکی بەردەوامی لەسەر داهاتووی مافی جوتیاران جێهێشت . وشە کلیلییەکان: بەربەستەکان، بزوتنەوەی جوتیاران، خەباتی چینایەتی، پارێزگای هەولێر، مافی جوتیاران.